سەردێر
گیاهی ترین گیاهی ترین AnzanDigital فروشگاه
سەرەتا / هەواڵ / کوردستان / سەفین دزەیی: فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان کاتین و نەهامەتییەکان تێپەڕ دەبن

سەفین دزەیی: فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان کاتین و نەهامەتییەکان تێپەڕ دەبن

بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساز کرد. لەو دیمانەیەدا وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت ئاماژەی بە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی مووچەی فەرمانبەران کرد، لەوانە بڕیاری یەکلایەنەی نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق بۆ بڕینی بودجەی هەێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، هەروەها شەڕی داعش بە درێژایی سنووری زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە مانگی ٦ی هەمان ساڵ. سەفین دزەیی، هاتنی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهانی بە بەشێکی دیکەی ئەو هۆکارانە دانا. ئەوش وای کرد کە حکومەتی هەرێم سیستمی پاشەکەوت جێبەجێ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی دارایی و ئابووری ئێستا کار بۆ ئەوە دەکات کە سیستمێکی نوێ بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران پەیڕەو بکرێت، ئەویش بە پێی پێوەرە جیهانییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی.
سەفین دزەیی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمریکا لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە بەشداریی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و پێکهاتەکانی ناو سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیش بەشدارن لە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. وتەبێژی حکومەتی هەرێم، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیە کە گوایە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەدیلی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەرکی ئەو سەرکردایەتییەی خستەڕوو کە کارکردنە لەڕووی سیاسەت و ستراتیژی و کۆدەنگی لەسەر پرسە سیاسییەکان لەم قۆناغە هەستیارەی ئەمڕۆدا.
دەربارەی لێدوانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر ئامادەیی بەغدا بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەفین دزەیی باسی لە پشتگیریی حکومەتی عەبادی کرد لە ساڵی ٢٠١٤ کە ئەوکات حکومەتی هەرێم کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان. ئەوەش ڕێککەوتنی مانگی ١٢ی هەمان ساڵی لێکەوتەوە لەسەر ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا لە بەرامبەر پێدانی بودجەی هەرێمی کوردستان. کەچی کەمتر لە نیوەی بودجە ڕەوانەی هەرێم دەکرا، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتە ناوخۆییەکان دەتوانێت زیاتر لەو داهاتەی دەست بکەوێت کە لەلایەن بەغداوە دەستنیشان کرابوو. بۆیە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند ئەو ئامادەییەی حکومەتی بەغدا بۆ پێدانی مووچە هەمان بریاری پێشووە و بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات.
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیاری بەغدا بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەگەری داخستنی خاڵە سنوورییەکانی هەڕێم، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پەیامنێری بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکای وت، لە کۆبوونەوەی حکومەت و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو بڕیارە بە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان لەقەڵەم درا، هەربۆیە بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی بەغدا بە نایاسایی و نادەستووری دانا کە لە ئەنجامی هەڵچوونی نابەجێی سیاسی هاتووەتە ئاراوە. لەو ڕووەوە گفتوگۆ و دانیشتنی جددیی دوولایەنە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدای بە پێویست زانی لەپێناو هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و خاوکردنەوەی ئەو بارگرژییەی کە لە شەقامی عێراقدا دروست بووە لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسییەوە، چونکە لەوانەیە ئەو ڕەفتارانەی بەغدا ناکۆکی ناو کۆمەڵگەی لێبکەوێتەوە.
دەنگدان بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە پرۆسەی ڕیفراندۆم، تەوەرێکی دیکەی دیمانەی دەنگی کوردیی ئەمریکا لەگەڵ وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەو بارەیەوە سەفین دزەیی، ڕێکخستنەوەی ناوخۆیی و هەروەها گەیاندنی بڕیار و خواستی خەڵکی کوردستان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و قەناعەت پێهێنانیان لەسەر ڕەوایی مافی خەڵکی کوردستان بە ئەرکی حکومەت دانا و لەو بارەیەوە ڕەخنەی ئاراستە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد لەسەر بەهەند وەرنەگرتنی ئەو پرۆسەیە، و وێڕای جەختکردنەوە لەسەر هەڵنەوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم بەهۆی فشارە ناوچەییەکانەوە، هیوای خواست وڵاتانی پارێزەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ بێنە سەر خەت و ڕێز لە بڕیاری خەڵکی کوردستان بگرن. ئەوەشی باس کرد کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی ئیدارەی سەربەخۆ، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقدا، بەشداری کرد لە بونیادنانی وڵاتێکی دیموکرات و فیدراڵ، بەڵام عێراقی تازە بە پێچەوانەی خواستی خەڵکی کوردستان بوو، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق سەری نەگرت و بەشیکی بەرچاو لە ماددە دەستوورییەکان پێشێل کراون و لەئێستادا حوکمێکی تایفی لە عێراق لە ئارادایە، پێویستە لەمەودوا گفتوگۆکان لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێبکەنەوە وەک دوو دراوسێی باشی یەکتر. دزەیی بۆ قۆناغی دوای ڕیفراندۆمیش پێداگر بوو لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەرێمی کوردستان بە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەئامانجی ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆسپەکان و گەیشتنی گەلی کوردستان بە ئامانجەکانی. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوکارییەکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هێزی هاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیمانەکەیدا باسی لە مێژووی پەیوەندیی کوردستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد بەتایبەت لە ساڵانی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و بەدیاریکراوی لە سەردەمی شەڕی داعش و لەو ڕووەوە لەگەڵ بوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان، سوپاسی خەڵک و حکومەتەکانی ئەمریکای کرد لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە پاڵپشتی سیاسی و هاوکاریی مرۆیی و سەربازی و هیوای خواست برەو بەو پەیوەندییانە بدرێت.
سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بە بێ ڕیسک نابێت، بەڵام سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانی چاوەڕواننەکراو بوو. سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ تورکیاش وتی سەرەڕای بوونی ڕێککەوتنی درێژخایەنی دوولایەنە بۆ ڕەوانەکردنی نەوتی خاوی هەرێم لە ڕێی تورکیاوە، تائێستا ئەو وڵاتە رێگری نەکردووە لە ڕەوانەکردنی نەوت یان داخستنی سنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەو فشارانە ئێستا بۆ سەر هەرێمی کوردستانی بە کاتی لەقەڵەمدا و وتی نەهامەتییەکان تێپەڕ دەبن.

ئەمەش بخوێنەوە

ناتانیاهۆ بۆ پووتین: ئاسمانی سووریا بۆ پاراستنی کورد بەکاردێنم

شرۆڤەکارێکی کاروباری رووسیا دەڵێت، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای گوتووە هەرێمی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *